ئێوارەی چوارشەنبە، ڕێکەوتی ۱۱ی گەلاوێژی ۱۴۰۲ی هەتاوی جەنابی مامۆستا مەلا ڕەسول ڕەسولی‌کیا تەلێفوونی لێ کردم، فڵانی! دۆستێک دەی هەوێ بت بینێ! گوتم شانازیە! درەنگانێگ گەیشتنێ، مامۆستا “مەلا عینایەت وەیسی” خەڵکی “تازاوا”ی سەلاسی باوەجانی کرماشان بوو. دوای چا خواردنەوەیەک، فەرمووی: پێمخۆشە و لەمێژە تامەزرۆم بچمە گڵکۆی پێشەوا و گۆڕی شاعیران و نوسەران‌. لە خزمەتی ڕا چوینە گۆڕستانی ناوداران، لای مامۆستا هەژار، خاڵەمین، هێمن و دوکتۆر خوڕڕەم‌دڵ و تا گەڕاینەوە بوو بە بانگی شێوان، جەماعەتمان کرد و لە مزگەوتی عەباس ئاغا بەرەو زانستگا و پەڕتوک‌خانەی مزگەوتی “سوور” وەڕێ کەوتین، چەند وێنەیەکمان لێ‌گرت. جێی‌ئاماژەیە، مێژووی مزگەوتی سوور بۆ سەردەمی سەفەوویە دەگەڕێتەوە کە بە دەستی دەسەڵات‌داری مەهاباد؛ واتە: میربوداغ‌خان بینا دەکرێ.
مزگەوتی سوور یا مزگەوتی جامیعی مەهاباد یەکێک لە هەنگاوە گرینگەکانی بوداق سوڵتانی موکری لە بواری ئاوەدانکردنەوەدایە کە لە ساڵی ١٠٨٩ی کۆچیدا بنیات نراوە. ئەو شوێنەوارە لە ڕێکەوتی ٢٥ی خەزەڵوەری ساڵی ١٣٤٨ی هەتاوی بە ژمارەی ٨٨٢ وەک یەکێک لە شوێنەوارە نەتەوەییەکان تۆمارکراوە. شەبستانی ئەم مزگەوتە کە لە شەبستانی مزگەوتی وەکیلی شیراز نزیکە، ١٠ کۆڵەکەی بەردینی هەیە و ١٨ گومبەزی خشتیی، نیوبازنەیی سەربانەکەی داپۆشیوە. کۆڵەکەکان بە قورقوشمی تواوە پێکەوە لکاون. کەرەسەی سەرەکی لە سازکردنی مزگەوتی جامیعدا خشتی سوورە بۆیە بە مزگەوتی سوور نێوی دەرکردووە بداغ سوڵتان‌موکری دوای بیناتی مزگەووت دەنێرێ لە دووی مەلا جامی نەوەی مەلا ئەبوبەکر موسەننیف لە مەریوان، کاتێ هەواڵی هاتنی دەبیسێ بۆ پێشوازی لەگەڵ تاقمێک لە گەورەپیاونی ناوشار، تا “قەمتەرێ”ی نێوان مەهاباد بۆکان بۆ پێشوازی دەچێ.
شەو لە خزمەت مامۆستا مەلا عینایەت دابوین و سەبارەت بە مێژوی شاری سەلاسی باوەجانی، ناوچەکان و کەسایەتی و شێوازی مەلایەتی، پرسیارگەلێکم لێ کردن. ئەوە ئێوەو ئەوە هاتن و چوونێکی‌تر.
مامۆستا عینایەت، ئەمڕۆ، دوای نوێژی بەیانی لە شاری “تازاوا”ی سەلاس وەڕێ دەکەوێ و بە پەنجاخولەگ، گەیوەتە “جوانڕۆ” لەوێش را بە بیست‌خولەک دەگاتە “ڕوانسەر” لەوێش ڕا بە جاددەی ناڵەشکێنە دوای نیوکاتژمێڕ دەچێتە “کامیاران” لەوێ ڕا بەرەو “سنە” لە درێژەدا بەرەو “دیواندەرە” و دوایە “ سەقز” و “ بۆکان” و “مەهاباد”.
ئەمجار کەڵکەڵەی سەفەر کەوتەسەرم کە قەت سەلاسی باوەجانیم نەدەدیوە. تازە بەیان شەبەقی دابوو، چۆناوچۆن بچم؟ بیرم دەکردەوە، لەپڕێکی‌دا شەماڵ هاتۆتەوە. شنەی شەماڵ، شتەکان هەڵدەگرێ لێرە بۆ ئێرە، گوتم: ئەی شەماڵ بەخێرێی! مەلەکانت لەگەرمێن هێناوەتە کوێستان، ئەگەر دەکرێ هاوڕێیەتیم بکەی و هەڵم بگری لە شاری “مەهاباد” کێو بەکێو، شاخ بەشاخ، بە پێدەشتەکان‌دا هەڵم‌گری بڵیندم کەەوە، ئەوەندەم بڵیندکەیەوە مەڵبەندنی “موکریان” و “ئەردەڵان” و “تیلەکۆ” “سەرشیو”ی سەقز و لە هەر جێگایەک لەنگەرێک بگرە و پێم‌بناسێنە، تا دڵم ئۆقرە دەگرێ و دەگەمە “سەلاسی باوەجانی”. شنەی شەماڵ گوتی: وەرە، ئەوە هەڵۆی بەرزفڕم بۆ هێنای. لەگەڵ مامۆستا وەیسی، لە داوێنی قەندیل، قەڵاتی‌شا، قەڵای سارم، وەڕێ کەوتین، بەگەرمی سڵاوون لە قەڵاتی سوڵتان و “تەرەغە” کردوو بە بەگەرمی بەڕێیان کردین، بە بناری “ناڵەشکێنە”دا درێژەن پێداین و سەرێکی پێ لە قەڵایی لە مێژینەی زێویە و ئەشکەوتی کەرەفتوو لە سەقز داین، بە پەلە ئێمەی گەیاندە دیواندەرە‌: واتە، جێگە و پێگەی یاسا و دادوەری، لە کێوی “چل چەمە” تۆزێک بڵیندتری کردین و خوڕماڵ و هەڵەبجەی شەهیدی پێنیشان دایین. تا سەیرێکی دەوران دەورن کرد لە سەر لووتەی ئاویەری سنە، دایبەزاندین، تێڕتێڕ ڕاماین لە شکۆ و دەسەڵاتی ئەڕدەڵانێکان. درەنگ بوو وێڕانەدەگەیشتین و بەپەلە درێژەن بە ڕێگەدا لە کامیاران، لە ئاوایی پاڵنگان لامان دا تۆزێک حەساینەوە، چوینە زیارەتی حەزرەتی عوکاشە، بەدەم ڕێگەوە باسی ئەفسوونی زرێباری و دوازە سوارەی مەریوان، زەینی مەی بەخۆوە خافڵاند. کاتژمێر، قەڵەم بازی ئەم‌دیوو دەبوو، ئاسکە کێوی بەفریانمانەوە هات و لەگەڵی کەوتینە ڕێ بەرەو دەروازەی هەورامان؛ واتە: ڕوانسەر لەوێ وەژوور کەوتین و چۆڕێکن لە ئاوی ناو شار خواردەوە کە لە چیای شاهۆوە سەرچاوە دەگرێت. هەر لە دوورەوە گوتی: هۆوە! ئەشکەوتی قوری‌قەلعەیە! جوانڕۆن لێوەدەرکەووت: وەک دوکتۆر خەلیقی دەڵێ جابانی کوردی خەڵکی جووانڕۆ بووە، لێرەوە یا لە شارەزوورەوە بەرەو مەدینە دەڕوواو بە خزمەت خۆشەویست(د.خ)ی خوا دەگات و ئیمان دێنێ. تا بیرن لە مێژوی هەزار ساڵە کردەوە، سەلاسی باوەجانین لێ وەدەر کەووت. دوای پشوو کێشان هاتەوبیرم بوومەلەزەکەی ئەوێ ساڵێ، لەرزینێک تەوای جەستەمانی داگرت. لە سەلاس ماینەوە و بە دەوری‌دا سوڕاینەوە.
مامۆستا عینایەت، ئاوای پێناساندین، کە سەلاسی‌باوەجان، یەکێ لە چوار شارەکانی مەڵبەندی هەورامان لە پارێزگای “کرماشان”ـە. پێشوو شاڕۆچکەیەکی شارستانی “پاوه” بوو دواتر که “جوانڕۆ” بوو بە شارستان، خرایە سەر جوانڕۆ و دواتر لە نوێنەرایەتی بەڕێز “حاجی مستەفا موحەممەدی” کە دوو خول نوێنەری خەڵکی ناوچەکە بوو و خۆشی خەڵکی باوەجانیە، کرا بە شارستان.
سەلاس وشەیەکی عاڕەبییە و لە ثلاث بۆتە سەلاس؛ واتە: سێ، بە هۆی نێشتەجێ‌بوونی سێ هۆزی: باوەجان، قوباد و تاوەگوێز، ناو نراوە سەلاس. بەشی زۆری بە زاراوەی جاف و ئەوانی تر بە هەورامی دەدوێن. سەلاس، لە باکوور لە گەڵ شارەکانی سەرپێڵی زەهاو و داڵاهۆ، لە لای ڕۆژهەڵات، لەگەڵ جوانڕۆ دراوسێ و لە لای ڕۆژاوا، لەگەڵ کوردوستانی باشوور، سنوری هاوبەشیان هەیە.
شوێنە گەشیارەکانی:
ئاو و هەوایەکی زۆر خۆشی هەیە، لە شوێنە گەشتیارەکان دەتوانین ئاماژە بە دوملانە(گردنه)ی سیاتایرە و ملەسراژیان و یەک شەوی و کێوی داڵاهۆ بکەین. هەر وەها کانی“ڕیزە” کە کانیەکی گڕاو و خەڵکێکی زۆر بە بۆنەی سازگاری ئاوەکەی بۆ لە ناو بردنی بەردی گورچیلە سەردانی ئەکەن، هەڵکەوتوو لە بیست‌کیلۆمیتری ڕۆژهەڵاتی شاری تازاوای سەلاس.
داوام لە مامۆستا کرد کە چۆن دەڕواننە مەهاباد؛ فەرمووی: سەرەتا دەبێ عەرزتان بکەم لای ئێمە مەهاباد وەک هیچ شارێک چاوی لێ ناکرێ، ڕێزەکی تایبەتی هەیە چوون ئاخێزگەی(خاستگاە) هزر وبیری نەتەوایەتی کوردییە. بۆ ئێمە شاری ئاوات(مدینە فاضله)ـە. هەر چەند بەداخەوە ئێستا کەش و هەوایەکەی جۆرێکیترە و لە ئاست چاوەڕوانی ئێمەدا نەبوو. چاوەڕوانیمان زیاتر هەبوو، با بگەڕێنەوە بۆ شاری خۆمان.
سەلاسی باوەجانی و تازاوا
ئێستە “تازاوا” شارستانە. من خۆم لەبیرمە بەر لە شۆرشی گەلانی ئێران(۱۳۷۵ی هەتاوی)، سێ(۳) ماڵ بوو. باوەجانی: ناوی گەورەترین هۆزی هەر چوار پارچەی کوردوستانە، دەنگۆیە لە کوردوستانی تورکیەوە هاتون. ئەڵێن: “عەلی بابەجان”یش لەم هۆزەی ئێمەیە. گشتی موسڵمان و سوننەمەزهەبن. هەڵبەت چەند ئاوایی “قەڵخان”یشی لێ‌یە کە زمانیان گۆرانیە و خۆیان دەڵێن “ئەهلی حەق” و لە بەرەی “عەلییۆڵڵاهین. سەلاسی باوەجانی بە ئاواییەکانێ‌وە حەشیمەتی ۴۵هەزار کەس دەبێ. شارەکەی لەوانەیە ۲۵هەزار کەسێک بێ. سێ کەرتی هەیە، ناوەندی، میرئاوا و ئەزگڵە، ئیشی خەڵکی ئەم ناوچەیە جوتیاری و ئاژەڵداری یە و سنوورێکی نێوانی ئێران و هەرێمی کوردستانی باشوور، بە نێوی مەرز “شێخ سیڵە” هەیە کە خەڵکانێک لەوێوە ئیشی سەر سنوور ئەکەن.
دوام لە مامۆستا کرد خۆی بۆ خوێنەران بناسێنێ:
من خۆم ساڵی ۱۳۵۴ی هەتاوی لەم ناوچەیە و لە ئاوایی “دێ مەجروم” لە دایک بووم. ساڵی۱۳۷۰ لە قوتابخانەی فەرمی بە پێشنیاری باوکم هاتمە ناو فەقێیان. ئێمە چوار پشتمان مەلا بوونە ناوی باوکم فەتحوڵڵایە و باوکی ئەویش عەبدوڵڵا و باپیریشی عەبدوڵقادرە .نیوەی قورئانم لە خزمەت باوکم‌دا خوێند. یادی بەخێر بێ ئەوکات کە مامۆستا شێخ حەسەن شێخ عەبدوڵڵا کە ئێستا بەرپرسی مەڵبەندی یەکگرتوی ئیسلامیە لە هەڵەبجەی شەهید. بە بۆنەی کیمابارانی ئەو سەردەی هەڵەبجە لە لایەن سەدام حسەینەوە ئاوارەی ناوچەی سەلاسی باوەجانی بوو بوون و من لە لای براکەی واتە: کاک بەهائەدین دەرسی قورئانم ئەخوێند؛ فەرمووی: ئەمە باشە بۆ مەلایەتی یەکسەر منی بۆ مزگەوتی نور و لای مامۆستا مەلا عەبدولعەزیز سەلیمی لە جوانڕۆ نارد. ماوەی دوو مانگ لەوێ بووم و شت‌گەل و کەسانێک ـ کە ئێستا کاتی ئەوە نییە ـ بوون بە هۆکار کە لەوێ نەمێنێم و بۆ فەقێتی چوومە حەوزەی عیلمیەی شاری جوانڕۆ کە ئەلحەق مامۆستایانێکی باش و بە توانا لەوێ بوون و دەرسی فەقێیان دەگوتەوە تا شەهادەتی مامۆستا مەلا موحەممەد ڕەبیعی لەوێم خوێند. سپاس بۆ خوا ڕێکەوتی ۱۶ی ڕێبەندانی ۱۳۷۶ی هەتاوی لە خزمەت مامۆستا مەلا ئەحمەد فەخری باقی مامۆستایانی حەوزەی عیلمیە توانیم مۆڵەتی مەلایەتی وەرگرم. ساڵی ۱۳۷۶بۆ کارناسی باڵا لە زانستگای تاران بۆ فیقهی شافعی قبوڵ بووم. بەڵام جێ‌بەجێ نەبوو نەم توانی بچم. دوایە چوومە کرێکاری تا ساڵی ۱۳۹۰کرێکاریم دەکرد پاشان لەپەنا کار کردن لە مزگەوتی خولەفای‌ڕاشدین شەهرەکی ئەنجیربوس، بەر نوێژیم دەکرد. بەڵام کاری کاشی کاریم دەکرد. ئێستا جگە لە مامۆستایەتی ئەم مزگەوتە دەچمە ئاوایی”کێسەڵە” کە لە بیست‌کیلۆمیتیری سەلاس هەڵکەوتووە وتاریای نوێژی هەینیان بۆ دەدەم کە سی‌وشەش ماڵە.
کەش و هەوای ناوچە:
مامۆستا لە درێژەدا گوتی: سپاس بۆ خوا زۆربەی ئاواییەکان مزگەوتیان هەیە و لە ناو شاریش ۱۲ مزگەوت هەیە و خەڵکیش بە گەرمی پێشوازی لە مزگەوت و بانگخوازان دەکەن.
لە بارەی فەقێ و حوجرە دەبێ بگوترێ: پیش سەرکەوتنی گەلانی ئێران بە سەر ڕژێمی شاهەنشاهی چەندین حوجرە تیابووە کە بە دستپێکردنی شەڕی عێراق و ئێران ناوچەکە چۆڵکراو و خەڵک ئاوارە کران و حوجرەکانیش شێوان و ئیتر بە شێوەی فەرمی فێرگەیی ئایینی وەک مەدرەسەی زانستی دینی نەما، بەڵام غەیر ڕەسمی دەرس هەر وتراوە و ماوەی ساڵێکە ئیزنی فێرگەیەک گیراوە، هێشتا ئەو جۆرەی شایستەی ئەم ناوەندەیە نەکراوەتەوە.
لە باری بژیو و بەڕێ چوونی مامۆستایانی ئایینی، دەبێ بڵەم: زۆربەی مامۆستایان بەرات لە خەڵک وەر ناگرن و ئیشێکیان بۆ بژێوی ژیانی خۆیان پەیدا کردووە؛ هۆکارەکەشی ئەگەڕێتەوە بۆ خودی مامۆستاکان کە حەز لەو شێوازە ئەکەن و ئەڵێن بەم جۆرە قسەمان لە ناو خەڵک زۆرتر بڕەوی دەبێ. نیوەی مەلاکان بێ مێزەرن لە بەر ئەوەی بە ئیشانێکی ترەوە جگە لە مەلایەتی سەرقاڵن. بەڵام بەو حاڵیشەوە زۆر چالاکن و جێی متمانەی خەڵک و ناسراوی ناو کۆمەڵگان. زۆر مامۆستای شیاو و بەرچاون هەن؛ وەک: مامۆستا مەلا ئەحمەد شێخی پێشنوێژی هەینی شار، مامۆستا مەلا ئیبڕاهیم کامڕان پور کە گەنجێکە و تا ئیستا هەشت کتێوی لە چاپ دراوە، مامۆستا مەلا ڕەحیم کاکاپور، و..... کە زۆربەیان جگە لە کاری مامۆستایەتی کاریگەر و یا کاشیکار و کاری ئاسایی دەکەن.
سەبارەت بە زمان و ئەدەبیاتی کوردی، من خۆێشم، سپاس بۆ خوا لە بواری زمان و ئەدەبی کوردی کاری باشم کردووە و شارەزایی باشم بە دەست هێناوە.
کەسایەتێکانی سەلاسی باوەجان:
۱ـ مەولەوی تاوەگۆزی، شاعیر، فیلسووف و عارفی ناوداری کورد ناوبانگی نەتەوەیی هەیە، بەڕێزیان خەڵکی ئاوایی “سەرشاتەیە” لە ناوچەی تاوەگۆز کە ئیستە زۆربەی هۆزەکەیان نیشتەجێی سەلاسی باوەجانین، مامۆستا مەولەوی سۆرانی بووە بەڵام بەس بە هەورامی شیعری ووتووە.
۲ ـ خانای قوبادی، شاعیر، بیرمەندی‌نوێخواز، خەڵکی “دەڕنە”ی ناوچەی سەلاسی‌باوەجانی، یەکەم کەس بووە قوڕئانی بە زمانی کوردی وەرگێڕاوە، دیوانە شێعرەکی هەیە بە ناوی “خوسرەوشیرین” بە شێکی لە موناجاتەکەی مامۆستا مەلا موحەممەد ڕەبیعی بەم دەنگە خۆشە دەیان‌ڵێتەوە.
۳ـ وەلی‌دێوانە، کە ژیانی وەک “مەجنوون” بەڵکە ئەولاتریش بووە، کە لەیلی وی، خاتونێک بە ناو “شەم” بووە. 
۴ـ عەبدولکەریم‌فانی خانەشۆری، لە سەیدەکانی هاشمی، هەم شاعیر بووە، هەم زانای سەردەمی خۆی بووە.
یەکی تر لە مامۆستاکان “مامۆستا مەلا موحەممەد گەورە” هاو دەورەی مامۆستا مەلا عبدالکریم مدرس بووە، مامۆستایانێکی زۆری بەرهەم هێناوە کە لە ئێران و عێراق بە توانا بوونە. بۆ ژیانی هەر کام لەوانە دەتوانی چاو لە کتێبی بنەماڵەزانایان، نوسراوەی مامۆستا مەلا عەبدوولکەریم مودەرریس بکەی.
بوومەلەرزەکە و یادێک لە کاک ئەبوبەکر مەعڕوفی(بۆکانی):
مامۆستا مەلا عینایەت لەبارەی بۆ لەرزەکە دوواو، کە بە هەڵکەووت من (نوسەر) ئەوێ شەوێ لە گەڵ حاجی مامۆستا مەلا عەلی خالیدی، مامۆستا مەلا عەبدڵڵای‌حەسەن‌زادە، حاجی مامۆستا مەلا ئەحمەد شەریعەت‌پەنا لە ماڵە مامۆستا مەلا عوسمان دانیشی بووین، باسی کوردوستانی باشوورن دەکرا، تا کوێی پێشکەوتوو بوونە؟ من پاڵم دابۆوە، کە هات، پشتێکەم دەی هێنامە پێش و دوایە، من هەڵاتم هاتمە حەساری مزگەوتی ڕۆستەم بەگ، داری نێو حەسار دەدکووت بە دەکەسان ڕای دەوەشێنن، ئاپارتوومانی ڕۆژهەڵاتی مزگەوت وەک شەشەقەی دەلەرزێوە. چووینە سەر هەواڵەکان ڕایانگەیاند کە لە پارێزگای کرماشان بوومەلەرزە هاتووە. جا با بچینەوە لای مامۆستا، بەڵێ کە هات، خەسارێکی زۆری وارید کرد کە دەتوانی لە هەواڵەکان بخوێندرێتەوە، ئەما یارمەتی گەلانی ئێران بە گشتی و گەلی کورد بە تایبەتی موکریان بە تایبەتی‌تر لەبیر کەس ناچێتەوە. ئەوەی بۆمە ناخۆش بوو جیا لە خەسارەتەکە، کۆچی دوایی کاک ئەبووبەکر مەعڕوفی کە بە سایپاکەی بۆ یارمەتی ئێمە هاتبوو لە ڕێیە بە ڕووداوی هاتوو چۆ ڕۆژی پێنج‌شەممۆ، ڕێکەوتی ۲۵ی خەزەڵوەری ۱۳۹۶ی هەتاوی لە نێوان کانی‌زریشک و شاری تازە ئاباد کۆچی دوایی کرد، خەڵک لەبەر کاک ئەبووبەکری ئی خۆیان لە بیر چۆوە، بۆیە بە شکۆوە، بردیانەوە جوانڕۆ بە مودیریەتی مامۆستای خۆشەویست مەلا ئەحمەد بەهرامی لە جوانڕۆ زۆر بە شکۆوە نوێژیان لەسەر خوێند و لە ڕێ‌و‌ڕەسمەکە بە پێی هەواڵ‌نێری “هاناخەبەر” سەدهەزار کەس بەشداری کرد. بە دروشمی، نامرن ئەوانەی وا لە دڵی میللەتا ئەژین، بەڕێ کراوە زێدی خۆی واتە بۆکان، لە نێوان جاددە، بە ڕوانسەر، کامیاران، سنە، کە لە سنە سەدهەزار کەس مەزەندە کرا کە پێشوازیان کرد و تەرمەکەیان بەرەو بۆکان بەڕێ کرد، لە دەهگۆلان و سەقز لەگەڵ جەستەی بێ گیانی کاک ئەبووبەکر لە سەلاسەوە تا بۆکان بە جەماوەرێکی لە ڕاددەبەدەر لەگەڵی هاتن و لە گۆڕستانی گشتی شار بەخاکیان سپارد.
من(نوسەر) کە ئێستا ئەم دێڕانە دەنووسمەوە یادی ئەم سێ‌شاخەوانەی نەغەدە کەوتم کە ئەم خەڵکەی ئێمە چەند بە هەست و سۆزن زیاتر لە شەش ڕۆژان لە نێو باو، کڕێوە و کێژەڵوکەی و سەرما و ڕنوو بۆ دیتنەوەی ئەم سێ‌شاخەوانە؛ واتە: کاک موحسین عەزیزی، کاک موحەممەد رۆیان و کاک ڕزا کایەشی، لە ڕەندۆڵە و بابۆڵەی شنۆ چیان کرد کە لەمێژوو دا دەبێ تۆمار بکرێ و دوایە بۆ ناشتنی ئەم سێ تەرمە بە بەشداری زیاتر لە چل‌هەزار کەس لە کێوی سوڵتان یاقوب و لە پەنا گۆڕی خوالێخۆشبوو موحەممەد ئەوراز بەخاک سپێردران.
بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر لەسەر ناوی شار و شاروچکەو ئاوییەکانی کوردستان و بە تایبەتی دەڤەری هەورامان، ڕێکەوتی ۵ی ڕەشەممەی ۱۴۰۲ی هەتاوی پێوەندیم گرت بە مامۆستا مەلا فایق فەتاحی کە هەر لە زۆوە کار لەسەر ئەم بەشە دەکا. ئاشنایی من لەگەڵ مامۆستا بۆ زستانی ساڵی ۱۳۶۹ی هەتاوی دەگەڕێتەوە کە لە مەڵبەندی لاجان فەقێ بووە، ئەو ئێوەو و ئەوە ناساندن و بیر و بۆ چوونەکانی مامۆستا لەسەر ئەم بەشە.
ناساندنی مامۆستا فەتاحی:
ناوم، فایق فتاحی، خەڵکی ناوچەی پاوە، لە عەشیرەی ئێناخیی و سەر بە هۆزی جافی جوانڕۆم و دانیشتوی ئاوایی “سەریاس”م. ۹ی سەرماوەزی ۱۳۶۶ی هەتاوی بۆ خوێندنی زانستەکانی ئایینی، چومەتە حوجرەی خانەگای پاوە لە خزمەتی مامۆستا “مەلا سید قادری عەزیزی” و مامۆستا “مەلا مەحمودی وەیسی”‌ دەستم بە خوێندن کردووە.
ساڵی ۱۳٦٨ی بۆ درێژەدان بە خوێندن چومەتە جەزیزەی قیشم و لە خزمەت مامۆستا “مەلا عەبدوڵڵا ئێرانی” درێژەم بە خوێندن داوە. پاشان چومەتە ناوچەی پیرانشار و لە گوندی “بەرکەمران” ماوەیەک لە خزمەت مامۆستا “مەلا عومەر کاموسی‌”دا بووم. لە کۆتاییدا لە ئاوایی سوغانلوێ لە خزمەت حاجی مامۆستا “مەلا علی خالیدی” کۆتایم بە خوێندن هێناوە. 
ساڵی ۱۳۷۱ی هەتاوی ژیانی هاوبەشیم پێک هێناوە و ئێستا چوار منداڵمان هەیە، کە بریتین لە دو کوڕ و دوو کچ. جگە لە خوێندنی زانستی ئاینێ، دیپلومی علومی ئینسانیم هەیە، توانیومە سەتحی یەکی دانشگای ئیلاهیات لە تارانم وەرگرم. 
جگە لەمانەش، لە بواری زانستی ئابوری و یاسا و عیرفاندا، هەندێ کارم کردوە. بەڵام زیاتر لە ئەدەبیاتی عیرفانیدا کارم کردوە و بەتایبەتی مەسنەوی مەلەوی، دیوانی حافیز، گولستان و بوستانی سەعدی.
زۆرم هۆگری بە زمانی هەورامی هەیە و پێم وایە زۆربەی جوغرافیای ئێران و ناوە کەسایەتی و ناچە کۆنەکانی ئێران، ناوی هەورامیان لێنراوە. هەروەها به پێی تێگەیشتنی خۆم هەندێک لەو ناوە مێژویانەم لێکداوەتەوە، کە لە نوسراوەی دووایدا ئاماژەیان پێ دەکەم.
ئێستا کە باسی (سەلاسی باوەجانی) هاتوەتە گۆڕێ، من پێم وانیە سەلاس، وشەیەکی عەرەبی بێ کە لە وتارەکە‌دا ئاماژەی پێکراوە کە بەڵێ لە (ثلاث)ی عەڕەبی، واتە( سێ) وەرگیرا و داتراشا بێت؛ بەڵکە لام وایە لە (سێ‌لا)ی جافی جوانڕۆی یەوە وەرگیراوە. بە مانای (سێ‌ڕییان) یا خودی (سێ‌ڕاە). بەڵگەمان لە سەر ئەمە چیە؟ وڵام: (سەلاس) لە پێش‌دا شار نەبوە تەنانەت ئاواییش هەر نەبووە، واتە: جێگای دانیشتی هەمیشەیی نەبووە، بەڵکوو شوێنێک بوە کە هۆزە ئاژەڵدارەکانی ناوچەی سەرپێڵ و شێخ‌سێڵە، کاتی کۆچی گەرمیان و کوێستان بەوێدا تێپەڕیوون. سەلاس، جێگایەکی سێ‌ڕیانی لە بەهاردا بووە، کە ئەوانەی کە لە سەرپێڵ، گردەنوو و ئەزگڵەوە هاتوون، لە گەڵ ئەوانەی کە لە ناوچەی شێخ‌سیڵەوە هاتون لە سەلاس‌دا بە یەک گەیشتوون و بە یەک ڕێگادا بەرەو کوێستانەکانی ناوچەی “زمکان” و “بازان” لە ناوچەی جوانڕۆ و ڕوانسەر وەڕێ کەوتوون. هەروەها، کاتێ پایزان لە کوێستانەوە، هەرکام بەرەو گەرمیانی خۆیان گەڕاونەتەوە و لە (سەلاس)دا لێک جیا بونەتەوە. خەلکی ناوچەی سەرپێڵ، بەلای چەپدا ڕۆیشتوون و خەڵکی ناوچەی شێخ‌سیڵەش بە لای ڕاست‌دا ڕۆیشتوون. کەوابوو ئەو ناوچەیە (سێ‌لا) بووە؛ واتە: (سێ‌ڕا). ئێستا لەوانەیە بگوترێ ئەی پیتی (س) لە کۆتای (سەلاس)دا چیە و بە چی مانایەکە؟ وڵام: ئەوەیە کە پیتی (س) لە زمانی (جاف)دا، لە باتی (یە)یە لە کوردی موکریانی‌دا. 
ئاماژە: لە ناوچەی جاف‌دا ئەم وشانەی کە بە پیتی (ا) یا هێی بزوێن کۆتایی پێ هاتبێ، پیتی سێ پێوە دەلکێنن، بۆ وێنە لەباتی بگوترێ نوقرەییە، دەڵێن نوقرەس. لە جافیدا بەزۆری لە باتی ئەوەی کە بڵێن (سێ‌ڕایە) دەڵێن (سێ‌لاس). کەوابوو؛ (سەلاس) بە مانای (سێ‌ڕایە) و کوردی جافیە، نەک ( ثلاث)ی عاڕەبی.
دەبێ بگوترێ: بەداخەوە هەندەک، بۆ ئەوە شوناسی نەتەویی گەلەکەمان تێک بدەن و بی‌سڕنەوە، لە نوسینی ناوی ناوچەکاندا بە مەبەست وە یا نازانانە دەیانگوڕن بۆ سەر وشانێکی دی، تا بە تێپەڕ بوونی کات، کەس نەزانێ ئەم ناوانە کوردین و لە کوێوە هاتوون.
من بۆ خۆم بۆ ئەوەی کە بزانم یا بتوانم مانای وشەیەک، کە ناوێکە بۆ شوێنێک بدوزمەوە، دوو بنەما دەخەم ڕوو؛ یەکیان: گەڕانەوە بۆ زمان و زاراوەی بنەڕەتی دانیشتۆانی ناوچەکە؛ چونکە ناولێنەری بنەڕەتی، ئەوان بوونە.کە وابوو ئەبی لە زمانی ئەواندا بۆ ماناکە بگەڕێین. 
دوهەم: زانینی ناو و شێنەوارەکانی دەوروبەریە، چوونکە زۆر جار شوێنێ، بە هۆی دەورو بەرەکەیەوە ناو نراوە. ئەوەشمان لە بیر نەچێ کە بنەمایەکی تر هەیە کە زۆر گرنگە و ئەبێ لێی ئاگادار بیین؛ ئەویش ئەوەیە، کاتێ کە (الفبای) عەرەبی هاتوەتە ئێران و بۆتە ڕێنووسی ئێرانیەکان، ئەم ڕێنووسە عەرەبیە، چوار پیتی (پ، چ، ژ، گ)ی نەبووە، کەوابوو لە سەرەتاوە بو ماوەی چەن‌سەد ساڵ تەنانەت نوسەرە ئێرانیکانیش لە باتی ئەو چوار پیتە پیتی جێ نشینی عەرەبیان نوسیوە، بۆ نمونە ( گ=ج ، پ=ب ، ژ= ز یا ذ یا ج ، چ= ج یا ش ، تش) جا بەم پێیە، زۆرێک لە نێوەکان گۆڕاوون؛ بۆ وێنە، گرگان بووە بە جورجان وە زەنگان بووە بە زنجان و هتد....
ئێستا با بچینە سەر ناوێک کە پێم وانیە کەس ئەو ناوە بە کوردی هەورامی بزانێ، بەڵام کە بردمانەوە سەر بنەماکەی خۆی، ئەوە دەر دەکەوێ کە چەن ڕێک و گونجاو و لەبار و زانستی و عەقڵیە؛ ئەویش مانای ( بروجرد)ە. بروجرد شارێکە لە باکوری پارێزگای لوڕستان، لە کتێبی فەرهەنگی دێهخودا دا بۆ ئەسڵی و بنەڕەتی بروجرد چەن وشە باس دەکات، یەکێ لەوانە (وَرُگرد) ە، کە دەچینە بروجرد، دەبینین کە بەشی باکوری ڕۆژئاوای شارەکدا تەپۆڵگە، یان گردێکی گەورە هەیە، ئەم تەپۆلگە یەکێکە لە شوێنە هەرە کۆن و ناسراوەکانی شارەکە. کە مێژوەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزاران ساڵ لەمەوبەر، لە ڕاستیدا مێژوی بروجرد بەم تەپۆلگەیە دەناسرێت، لە کوردی و بە تایبەتی هەورامی‌دا بەم تەپۆڵگانە دەوترێ (گرد) کە گرد و بازنەیین. ئێستا بچینە سەر (وَرُگرد) بە کوردی (وەروگرد). وەر ، لە هەورامیدا ئەبێە (بەرەوە، خوارەوە) گرد؛ واتە: تەپۆڵگە. وەروگرد، واتە بەرەوە یان خوارەوی تەپۆڵگە. ئێستا ئەگەر لە بەرەوەی ئەم تەپۆڵگەیە ئاوایی‌دروس کرابێت کەوابوو ئەو ئاواییە ناوەکەی دەبێتە، (وەروگرد) واتە (بەرەوەی تەپۆڵگە)؛ وەک ئەوەی لە شوێنێکا قەڵایەک هەبێت، پاشان لە بەرەوەی قەڵاکەدا ئاواییەک دروس بکرێت ناوی بنێن (بەرقەڵا) کە بە زاراوەی هەورامی دەبێتە ( وەروقەڵا).
کەوابوو بروجرد وشەیەکی هەورامیە، کە (واو) لە ئەوەڵیدا هەیە. چوون لە زارەوەی هەورامیدا ئەم (واوە) بە پیتی (ڤ) دەوترێت ، واتا ( وەروگرد) بە (ڤەروگرد) دەوترێت، وە پیتی (ڤ)ش لە ڕێنوس عەرەبیدا نیە کەوابوو لە باتی (ڤ)، (و) نوسرا و لە کۆتایدا (و) بە (ب) گۆڕا وە لە باتی (گ) گرد (ج) نوسرا و (ڤەروگرد) بەم شێوەیە بوو بە (بروجرد).
جا بەو پێیە کە وتمان، کاربەدەستانی نەزان، نێوی زۆرێک لە شار و دێهات و ناوچە و شاخ و بەندەنەکانیان گۆڕیوە، کە ئەمە زیانی لێ دەکەوێتەوە و ناڕاستەو خۆ دەبێتە هۆی گۆڕینی شوناسی ئەم ناوچانە؛ بۆ وێنە ئاماژە بە دوو شوێن دەکەین: یەک: لە شاری “ڕوانسەر” کە بەرەو “پاوە” وەڕێ دەکەوی، دوو ئاوایی لێیە بە ناوەکانی: (ژەرەژاوی) و (بەوراوا). (ژەرەژاوی) لە ڕاستی‌دا (ژەرەژ ئاوا)یە. ژەرەژ، لە زمانی هەورامی‌دا بە مانای باڵنەدی (کەو، یان هەمان کبک فارسی)یە، واتە: ئە شوێنەی کە کەوی زۆرە.
ئێستا نەزانانە هاتوون نێوی ئەم ئاویان کردوە بە (زیرجوبی)، کە هیچ گونجاوەیەکی لە گەڵ نێوی دێکە و ماناکەیدا نیە، بۆ ئەم کارە هیچ پاساوێک نابینرێ جگە لە نەدانەم کاری و سڕینەوەی ناوە خۆجێیەکان و ڕەسەنکانی کوردی و بە فارسی کردنیان، شتەکە زیاتڕ ئاڵۆز و پشێو دەکات.
دوهەم: ئاوایەکی‌تر ناوی (بەوراوا)یە، کە لە بنەڕەتدا (بەورئاوا)یە. بەور، واتە: بەفر ، برف “بەورئاوا” واتە ئەو شوێنەی کە بەفری زۆری تێدایە. ئەو کەسانەی کە دانیشتوی هەورامانن دەزانن کاتێ بەفر لە شاخی شاهۆی پشتی (بەورئاوا) دەبارێ هەمووی بەفرەکە بە هۆی (با و زریان)وە، واتە کولاک لە سەر شاخەکەوە هەڵدەگیرێ و دەیخاتە ئەو دێیە و ئاواییەکانی دەوروبەری، لە بەر ئەوە زۆر ئاساییە ئەم گوندە ناوی (بەورئاوای)ی لێ بنرێت، واتە: ئەو گوندەی کە جێگای بەفره. ئێستا ناوی گوندەکە گۆڕدراوە بە (بدرآباد) که هیچ گونجاوییه‌کی لە گەڵ دێ‌یەکە و ماناکەی‌دا نیە. 
ییەکێکی‌تر لەو شوێنانەی کە بە تێبینی دەوروبەرەکەی ئەتوانین ماناکەی بۆ بدۆزینەوە شاری (پاوە) یە. بۆ دۆزینەوەی مانای شاری پاوە و هۆکاری ناونانەکەی، بەو ناوە. لە نێو خەڵکدا وا بڵاوبوەتەوە کە گۆیا فەرماندەیەکی خەڵکی (یەزد)ی ئێران لە سەرەتای شەڕ نێوان سوپاس ئیسلام و ئیمپڕاتوری ساسانی بە ناوی “پاو” هاتوەتە ئێرە و دواتر ئەم شوێنەیان بە ناوی ئەوەوە ناو ناوە، هەندێکیش؛ دەڵێن: نەخێر ئەو فەرماندە خەڵکی یەزد نەبووە ، بەڵکو فەرماندەیەکی ئینگلیزی بوە کە ناوی ( پاو ) بوە و شارەکە بە نێوی ئەوەوە نێو نراوە.
بەڵام بە لای منەوە هیچکام لەم دو بابەتە ڕاست نین و نێوی شاری پاوە لە ناوی هیچ‌کەسێکەوە وەر نەگیراوە، بەڵکە شاری “پاوە” بە پێی هەڵکەوتنی شاخی (شاهۆ) لە پشتیەوە ناو نراوە. شاهۆ : لە زمانی هەورامیدا بە مانای (شاکۆ) یە واتە: پاشای کێوەکان ، گەورەی کێوەکان، گەورەترین کێو. کەوابوو شاهۆ شاکۆیە. لە زاراوەی خەڵکی پاوە و دوروبەری بە شاهۆ، ( شاوە) یچ دەوترێ،. کەوابوو (شاهۆ ، شاکۆ و شاوە). ئێستا ئەگەر هەمان گۆڕانکاری بۆ “پاوە”ش بەکار بهێنین، ئەو کات زۆر بەڕونی بۆمان دەردەکەوێ کە پاوە بە چ مانایەکە و چ زمانێکە؟ (پاوە، پاهۆ و پاکۆ) بەم پێیە و بە ڕچاو کردنی دەوروبەری ، بۆمان دەردەکەوێ کە (پاوە) بە مانای (پاکۆ) یە، پاکۆ وشیەکی هەوارامیە بە مانا ئەم شوێنەی کە لە (پا) ی (کۆ) دا هەڵکەوتوە. پاوە لە دامێنی چیای شاهۆدایە. کەوابو ، ئەو شاهۆیە، ئەم پاهۆیە. ئەو شاکۆیە، ئەم پاکۆیە. ئەو شاوەیە، ئەم پاوەیە.
هیوادارم کارناسان و کاربەدەستان جارێ‌تر وەخۆ بێنەوە و ئاوڕێکی جیددی بدەنە ئەم بەشە و پێدا چوونەوەی بۆ بکەن. بەم هیوایە.

تا دیدارێ تر بە خواتان دەسپێرین.
۲۳ی ڕێبەندان ۱۴۰۲ی هەتاوی.